
Authorخوان خێلمەن
Translatorژیار هۆمەر
- Pages
- 48
- Publication year
- 2026
- Language
- Kurdish (Sorani)
IQD 2,000
Download the app to buy
Sign in with the same account to find it in your library.
Read this digital book in the iWane app for iOS and Android.
نامە بۆ دایکم
About this book
ساڵی ١٩٨٢، ئەو کاتەی خوان خێلمەن ئاوارەی پاریس بووە، هەوڵی داوە بە پاسپۆرتێکی ساختە بگەڕێتەوە ئەرجەنتین تا بۆ دواجار چاوی بە دایکی بکەوێت، بەڵام فریا ناکەوێت. خێلمەن سێ نامەی بە دەست دەگات: یەکەمیان، خەسووی پێی دەڵێت سەری لە دایکی داوە و ئەوی قنجوقیت بینیوە. دووەمیان، خوشکەکەی پێی ڕادەگەیەنێت دایکی بە یەکجاری چاوی لێک ناوە و دواکۆچی کردووە. سێیەمیان، نامەی دایکی بووە و تێیدا ئاماژەی بە بیرەوەریی دوورەدەست داوە. خێلمەن تەواو ئۆقرەی لەبەر دەبڕێت و ئەم شیعرە درێژە دەهۆنێتەوە، دەیخاتە سندووقێکەوە و لە بیری دەچێتەوە. سێ ساڵ دوای ئەوە بە هەڵکەوت دەیدۆزێتەوە و دایدەڕێژێتەوە. خوان خێلمەن (١٩٣٠-٢٠١٤) شاعیرێکی مەزنی ئەرجەنتینییە. هەر لە منداڵییەوە، دەستی بە نووسین کردووە. هەروەها ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕ و ئەندامی ڕێکخراوە پارتیزانییەکان بووە. ساڵی ١٩٧٦، بەهۆی دیکتاتۆرەوە دەربەدەر بووە و تەنانەت حکوومەتی ئەرجەنتین سزای مەرگی دەرکردووە. هەر بۆیە، هەتا ساڵی ١٩٨٨ نەیتوانیوە جارێکی تر پێ بخاتە ئەرجەنتینەوە، ئەویش ئەو کاتەی نیشتەجێی مەکسیک بووە. ڕفاندن و بێسەروشوێنبوونی منداڵەکانی و گەڕانی بەردەوامی بە دوای نەوەیەکیدا لە ژیان و بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. پاش خۆرخێ لویس بۆرخێس و ئێرنێستۆ ساباتۆ و ئەدۆڵفۆ بیۆی کاسارێس، چوارەەمین نووسەری ئەرجەنتینییە خەڵاتی پڕبایەختی میگێل دێ سێرڤانتێسی وەرگرتووە. یەکێک لە شاعیرە هەرە گرنگەکانی هاوچەرخی زمانی ئیسپانییە. کاتێک مردووە، سەرۆکی ئەرجەنتین سێ ڕۆژ ماتەمینیی لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاندووە. ساڵی ٢٠٢٢، دایکمم بە دەستی خۆم ناشت بەڵام لەناو وشە بە وشەی ئەم بەرهەمە و هەموو وەرگێڕانێکمدا زیندووە. پاش ماوەیەک، خوان خێلمەنم ناسی، ئەویش لە ڕێی ئەم شیعرەیەوە. هاوڕێی ئازیز «موحسین عیمادی» ئەم دەقەی بۆ فارسی وەرگێڕاوە و بە دەنگە پڕسۆزەکەی تۆماری کردووە. بۆی ناردم و دەیان جار گوێم لێ گرتەوە. دواتر برای شیرینم «شووک» لە کتێبفرۆشییەکی دەستی دووی مەکسیک نوسخەیەکی دەقە ئیسپانییەکەی ئەم بەرهەمەی بە واژووی نووسەرەوە دەست کەوتبوو و «د. ماری لابرۆس» ئەو دیارییە پڕبایەخەی بۆ هێنام. دڵنیا نیم چەند جار هەوڵی وەرگێڕانیم داوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بڕست و شەنگەوە، زوو-زوو کشاومەتەوە و تێهەڵچوومەتەوە. سا چارەنووسی دەقی ماک بە باڵای کوردییەکەیشیدا بڕاوە، دوای سێ ساڵ توانیم ببیڕێنمەوە. جێی ئاماژەپێدانیشە، تێکشاندنی ڕێزمان و گەمەکردنی بەردەوام بە زمان و داتاشینی چاوگی سەمەرە لەم دەقەی خێلمەندا بەرچاوە. ئەوپەڕی هەوڵم داوە بە هەمان شێوازە چڕەکەی دایبڕێژمەوە، گەرچی چەند وردەکارییەک لە دەستم ڕاپسکاوە و گواستنەوەی بۆ زمانی تر ئەستەمە، بەداخەوە. هیوادارم زمانە شیرینەکەی دایکم و ئێوەی هێژا لێم خۆش بن. لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و پێزانین بۆ ناوەندی ڕۆمان و شووک و ماری و موحسین. | ژ. | دیسەمبەری ٢٠٢٥ _________________________________________________________________ سەرنجی نووسەرە دیارەکان لەسەر خێلمەن: «خێلمەن لە مەزنترین شاعیرانی ئەم سەردەمەیە.» - ژوزێ ساراماگۆ «من باشترین شاعیری مەکسیک نیم. تەنانەت باشترین شاعیری گەڕەکەکەیشمان نیم. مەگەر نازانن دراوسێی خوان خێلمەنم؟» - خۆسێ ئێمیلیۆ پاچێکۆ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی سێرڤانتێس، ٢٠١٠ «خوان خێلمەن واز لە ڕووکەشی ئازار و ڕق دەهێنێت تا بچێتە بنجوبناوانیان.» - خولیۆ کۆرتاسار «قەت هیچ وشەیەک شک نابەین بۆ دەربڕینی پێزانینمان بۆ ئەو شاعیرەی زۆر کەس بوو، ئێمە بوو، هێشتا لەناو ئەو پەیڤانەدا دەژی کە بۆی بەجێ هێشتووین.» - ئێدواردۆ گالیانۆ